ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی: سەردانی تیمە گەڕۆکەکانمان نەوەستاوە

+964

هاوبەش ئەبوبەکر

ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، رەتیدەکاتەوە گەڕانی تیمە گەڕۆکەکانی بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و دەرکردنی کارتی بایۆمەتری راگرتبێت، دەڵێت، لە رۆژانی پشووشدا نەوەستاون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.8.2023، ئامانج عەزیز سەرۆکی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە 964ـی راگەیاند، هەواڵێک بڵاوبووەتەوە گوایە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی نایەوێت هاوڵاتیان کارتی بایۆمەتری دەربهێنن و تۆماری دەنگدەران نوێناکەنەوە، “ئەوانە دوورن لە راستییەوە”.

“تەنانەت لە رۆژانی پشووی فەرمی، هەینی و شەممەشدا نیوەی تیمە گەڕۆک و جێگیرەکانمان لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانی تا 3:00ـی پاش نیوەڕۆ، دەنێرینەوە بۆ دەوام”، ئامانج عەزیز وای وت.

بە وتەی سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی، ئەو کەناڵ و پەیجەی کە هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە ناوی هیچ سەرچاوەیەکی نەبردووە، نەشهاتوون بە شێوەی فەرمی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکەن.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 13ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و تا 11.8.2023 بەردەوام دەبێت.

لە رێگەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، سڕینەوەی ناوی مردووان و گواستنەوەی تۆماری دەنگدەران لە نێوان پارێزگاکان ئەنجام دەدرێت.