دارایی هەرێم: هێشتا هیچمان بۆ نەهاتووە

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق: موچەی فەرمانبەرانمان رەوانەی ھەرێمی کوردستان کرد

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئەمڕۆ سێشەممە 1.8.2023 محه‌مه‌د شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، پشکی هەرێم لە بودجەی ئەم مانگە رەوانەی هەرێم کراوە.

سودانی، كه‌ پێده‌چێت مه‌به‌ستی مانگی ته‌مووز بێت، هه‌روه‌ها رایگەیاند، هەرێمی کوردستان رۆژانە 55 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات و ژمارەکەش لە هەڵکشاندایە.

لە لایەکی دیکەوە سەرۆک وه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بووە هۆی دەستگیرکردنی تۆڕێکی گەورەی قاچاخچێتیی دۆلار لە هەولێر.

964 پەیوەندی بە هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە کرد بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، ئەو رایگەیاند هێشتا هیچ بڕەیەک نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

ماوه‌ی دوو مانگه‌ “حوزه‌یران و ته‌مموز” موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان دابه‌ش نه‌كراوه‌.

لە رۆژی 24.3.2023 دادگای ناوبژیوانی پاریس بڕیاری راگرتنی نەوتی هەرێمی دەرکرد، دواتر لە رۆژی 4.4.2023 هەرێم و بەغدا لەسەر رادەستکردنی نەوتی هەرێم بەرامبەر بە ناردنی شایستە داراییەکان رێککەوتن، بەڵام نزیکەی چوار مانگە چەندینجار وەفدی هەرێم بۆ گفتوگۆی بڕگەکانی ئەو رێککەوتنە و جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجە سەردانی بەغدایان کردووە.