بەهۆی ئاگر کەوتنەوە لە کەمپی بەحرکە گەنجێک گیانی لەدەستدا

964+

شۆڕش عەبدوڵا – هولێر

بە هۆی شۆرتی کارەباوە لە کەمپی بەحرکە، شەش خێوەت سووتان و جگە لە زیانی مادی، گەنجێکی ١٧ ساڵانیش گیانی لەدەستدا.

پەیامنێری 964+ لەناو کەمپی بەحرکە رایگەیاند، کاتژمێری حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆ ١١ــی کانونی یەکەم، بەهۆی شۆرتی کارەباوە شەش خێوەت لە کەمپی بەحرکە دەسووتێن و گەنجێکیش گیان لەدەست دەدات.

بەوتەی شایەتحاڵەکانی نێو کەمپەکە کە بۆ 964+ قسەیان کردووە؛ بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەکەوە گەنجێک گیانی لە دەستداوە کە تەمەنی ١٧ ساڵە و قوتابی پۆلی نۆی بنەرەتییە و خەڵکی موسڵە.

ئەوان دەڵێن؛ کاتژمێرێک زیاتر بەسەر ئاگر کەوتنەوەکەدا  تێپەڕی ئینجا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، پێش ئەوەی تیمەکان بگەن  گەنجەکە گیانی لەدەست دابوو.  

تۆڵە مەهدی خۆشناو، بەرێوبەری ناحیەی بەحرکە، بە 964+ـی وت؛ هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە هیتەری کارەبا بووە، لە بارەی زیانەکانیشەوە رایگەیاند، شەش ماڵ زیانیان مادییان بەرکەتووە، زیانە گیانییەکانیش تەنیا ئەو گەنجە بووە کە گیانی لەدەستداوە.

کەمپی بەحرکە لەسالی ٢٠١٣ دروستکراوە، لە یەک هەزار و ٥٠٠ ماڵ پێک دێت، ئاوارەکانی کوردی رۆژئاوا و عەرەبی موسڵ و شەنگال لە خۆدەگرێت.