بە دوای سیخوڕدا دەگەڕان و دەستگیر کران

فەهمی نەبی

پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ دوو کەسیان دەستگیرکردووە، بە شۆفڵ شاخیان بڕیووە بۆ گەڕان بە دوای ئاژەڵی کێوی (سوچڕ) سیخوڕ.

ئەمڕۆ دووشەممە، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، لە کاتی گەڕانەکانیان پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ لە گوندی سوێراوا دوو هاوڵاتیان دەستگیر کردووە.

دوو هاوڵاتییەکە بە شۆفڵ قەدی شاخیان بڕیووە، بە دوای کولانەی ئاژەڵی سوچڕ یان سیخوڕ گەڕاون، ئەو ئاژەڵە لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەژیت، لەبری پەڕ جۆرێک تیر بە لەشیەوەیەتی و لەکاتی هەستکردن بە مەترسی دەیهاوێت.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، کەسەکان دەستگیرکراون و پەراوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

بە پێی رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2015، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی کوردستان، سزای 200 هەزاری ئەو کەسانە دەدات کە راوی ئاژەڵی سیخوڕ (سوچڕ) دەکەن.