هەرێم بورهان بووە راهێنەری هەڵبژاردەی سلێمانی
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتیی هەڵبژاردەی پارێزگاکانی عێراق، هەرێم بورهان بە راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی سلێمانی دەستنیشانکرا.
بە مەبەستی بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتیی کۆماری بۆ هەڵبژاردەی پارێزگاکانی عێراق لە تۆپی پێ، هەریەک لە هەرێم بورهان وەک راهێنەر و غەریب جەزا و مەریوان محەمەد وەک ستافی راهێنەرانی هەڵبژاردەکە دەستنیشانکران.
کاروان محەمەد فەرەج سەرۆکی لقی سلێمانیی فیدراسیۆنی تۆپی پی عێراق بە 964 راگەیاند، ساڵانە پاڵەوانیهتییەكه بەرێوەدەچێت، کە فیدراسیۆنی عێراق بە هاوکاری لقی شارەکان رێکی دەخات.
وتیشی، لەسەر ئەو ئاستە باشەی کە لەگەڵ یانەکانیان پێشکەشیان کردووە، ئەم ستافی راهێنەرانەیان دەستنیشانکردووە و ئەوان سەرپشکن لە دەستنیشانکردنی یاریزانان بۆ ریزی هەڵبژاردەکە.
لای خۆیەوە، لە لێدوانێکی تایبەتدا هەرێم بورهان بە 964ـی وت، وادەی دەستپێکردنی پاڵەوانیهتییەکە زۆر کەمی ماوە و ئەوان ماوەیەکی کەمیان لەبەردەستە بۆ دروستکردنی پێکهاتەی هەڵبژاردەکە.
وتیشی، لە ماوەی دوو رۆژدا پەیوەندیان بە زۆربەی یاریزانانی سنووری پارێزگای سلێمانییەوە کردووە و 25 یاریزان دەستنیشانکراون.
” بە دڵنیاییەوە پشکی شێر بۆ ئەو یاریزانانەیە، کە لە خولی نایابی عێراق یارییان کردووە و رۆژی شەممەی داهاتووش یەکەم یەکەی مەشق و راهێنان ئەنجام دەدەین”، ههرێم بورهان وای وت.
بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو، رکابەرییەکانی پاڵەوانیهتیی تۆپی پێی کۆمار بە بەشداریی 18 هەڵبژاردەی شارهكان دەستپێبکات.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا