گروپی گەڕاندنەوەی لێبڕین و پاشەکەوت: ١٠ ملیار دۆلارەکە دەگەڕێنینەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

نزیکەی ٣٠ کەس رۆژی شەممە گروپێکیان لە هەولێر پێکهێنا و دەڵێن کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە دەکەن کە بەناوی پاشەکەوت لە هەموو مووچەخۆران بڕدراوە.

کرێکار ئەمین، ئەندامی گروپی گەڕاندنەوەی لێبڕین و پاشەکەوت بە 964+ی راگەیاند، دەبێت حکومەتی هەرێم وادەیەک بۆ دانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان دابنێت.

لەنێو ئەندامانی گروپەکە مامۆستا و پارێزەر و فەرمانبەری دیکە هەن کە مووچەکانیان پاشکەوت کراوە، کرێکار ئەمین دەڵێت ئێمە هەموو مووچەخۆران دەکەینە یەک ئاراستە بۆ گەڕاندنەوەی مووچە بڕاوەکان.

گروپەکە هەفتەی داهاتوو دەست بە چالاکییەکانی دەکات و بە وتەی خۆیان لەگەڵ حیزب، کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو کەسایەتییەکان فشار دروست دەکەن.

“ئێمە پێمان وایە حکومەت نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار پارەی پاشەکەوتکراوی مووچەخۆران قەرزارە، ئێستا حکومەت توانای گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی هەیە و نرخی نەوت بەرزە و داهاتی ناوخۆش بۆ دەیان هێندەی پێشوو زیادیکردووە،” کرێکار ئەمین وای وت.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رۆژی ٣-٢-٢٠١٦ بڕیاری ژمارە ٦٤ی دەرکرد بۆ پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران، بەپێی خاڵی پێنجەمی بریارەکە دەبوو مانگانە پێداچوونەوە بکرێت بە پاشەکەوتەکە بەپێی داھاتی ھەرێم، بەڵام لە ماوەکانی رابردوو ھەرچەندە باری دارایی حکومەت باشتر بوو، گۆرانکاری تێدا نەکرا.

پێش ئەو وادەیەش لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ چەند مانگێک مووچەی فەرمانبەران بەناوی پاشەکەوت کەمکرایەوە.