کۆنترین قوتابخانەی زاخۆ مەترسی لەناوچوونی لەسەرە

964+
شڤان عەبدوڵا

مێژووی کردنەوەی کۆنترین قوتابخانەی زاخۆ ساڵی 1912یە، بەڵام مێژووی دروستکردنی قوتابخانەکە بۆ ساڵانی 1800 دەگەڕێتەوە و لەگەڵ قشلی زاخۆ دروستکراوە.

لەو ساڵەدا نزیکەی 50 قوتابی لەو قوتابخانەدا خوێندوویانە.

لە ساڵی 1912 خوێندن بە زمانی تورکی بووە لەو قوتابخانەیەدا لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیەکان.

دوای لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی و دامەزراندنی حکومەتی عێراق لە 1921، خوێندن بوو بە زمانی عەرەبی و ناوی قوتابخانەکە کرا بە (مدیریة مدرسة زاخو – بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەی زاخۆ).

سەعید رەزڤان مێژوونووسێکی دەڤەری زاخۆیە و بە 964ـی وت، لە ساڵی 1951 بووەتە قوتابی لەو قوتابخانەیە، ئەوکاتە قوتابی مسوڵمان و جوو لەگەڵ کریستیان پێکەوە لەو قوتابخانەیە خوێندوویانە.

بە قسەی ئەو مێژوونووسە، دەرچووانی ئەو قوتابخانەیە تیایاندایە بوونەتە وەزیر، هونەرمەند، سیاسی، شێوەکار، ماموستا و نوسەر.

ئەو دەڵێت، پێویستە ئەو قوتابخانەیە نوژەنبکرێتەوە و دووبارە ببێتەوە بە مەشخەڵێکی رووناکی بۆ دەڤەری زاخۆ.