كارته‌ زه‌رده‌كان و یارییه‌كانی پێش كۆتایی مۆندیال چۆن ده‌بن؟

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

یارییه‌كانی مۆندیالی قه‌ته‌ڕ به‌ره‌و كۆتایی ده‌چن و تیپه‌كانی پێش كۆتایی ده‌ركه‌وتن، فیفاش بڕیارێكی له‌ باره‌ی كارتی زه‌ردی یاریزانانی هه‌ر چوار تیپی پێش كۆتایی دا.

دوای بردنه‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا له‌ ئینگلته‌را له‌ دوایاریی قۆناغی هه‌شتدا، هه‌ر چوار تیپی پێش كۆتایی مۆندیالی قه‌ته‌ڕ ٢٠٢٢ ده‌ركه‌وتن و خشته‌ی قۆناغی داهاتووش ده‌ركه‌وت.

یارییه‌كانی پێش كۆتایی
له‌ قۆناغی پێش كۆتاییدا، رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو كاتژمێر ١٠:٠٠ به‌ كاتی كوردستان، هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین و كرواتیا له‌ یاریگه‌ی لوسێل رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌.

له‌ یارییه‌كه‌ی دیكه‌دا، رۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڕه‌نسا و مه‌غریب به‌یه‌ك ده‌گه‌ن.

كارته‌ زه‌رده‌كان چیان به‌سه‌ر دێت؟
فیدراسیۆنی نێوه‌ده‌وڵه‌تیی تۆپی پێ “فیفا” بڕیاری دا سه‌رجه‌م كارته‌ زه‌رده‌كان، پێش ده‌ستپێكردنی قۆناغی پێش كۆتایی ده‌سڕێنه‌وه‌ و هه‌موو تیپه‌كان لیستی كارته‌ زه‌رده‌كانیان ده‌سڕێته‌وه‌.

به‌م شێوه‌یه‌ له‌ قۆناغی پێش كۆتاییشدا ئه‌گه‌ر یاریزانێك كارتێكی زه‌ردیش وه‌ربگرێت، له‌ یاریی كۆتایی مۆندیال بێبه‌ش نابێت.

به‌ پێی خشته‌ی یارییه‌كانی مۆندیال، یاریی دیاریكردنی پله‌كانی سێیه‌م و چواره‌م ئێواره‌ی شه‌ممه‌ی داهاتوو ١٧ی كانوونی یه‌كه‌م و یاریی كۆتاییش یه‌كشه‌ممه‌ ١٨ی كانوونی یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌ده‌چێت.