130 کارمەندی تەندروستی لە هەڵەبجە دامەزران

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

حکومەتی هەرێم بڕیاری دا بە دامەزراندنی 130 کارمەندی تەندروستی بۆ هەڵەبجە، بەڕێوەبەری تەندروستيی پارێزگاکەش دەڵێت، نەخۆشخانەی بیارەش دەکەینەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 24.7.2023، د. ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، “پیرۆزە 130 کارمەندی تەندروستی بۆ هەڵەبجە دامەزران”.

ئەو کارمەندانە، 100 کەس وەک گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە و 30 کەس وەک فەرمانبەری گرێبەست لە نەخۆشخانەی بیارە دادەمەزرێن.

بڕیارە ناحیەی بیارە ببێتە خاوەنی نەخۆشخانەیەکی 40 قەرەوێڵەیی، کە سەرجەم بەشە پزیشکییەکان بە پزیشکی پسپۆڕەوە لەخۆ دەگرێت و سەرجەم ئامێر و کەلوپەلە پێویستەکانی بۆ دابین کراوە.

نەخۆشخانەکە بەشی لەدایکبوونی سروشتی، بەشی فریاکەوتنی خێرا و چاودێریی دایکایەتیش لەخۆ دەگرێت.