سێ پەرلەمانتاری پارتی لە هەولێرو سلێمانی دەستلەکار دەکێشنەوەو سێی دهۆک جێگەیان دەگرنەوە

+964

بەهۆی بوونیان بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، سێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەستلەکار دەکێشنەوەو سێی دهۆک جێگەیان دەگرنەوەوە.

هەریەکە لە هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و، لیزا فەلەکەدین کاکەیی و جوان رۆژبەیانی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی، بەهۆی بوونیان بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەستیان لە ئەندامیەتی پەرلەمانی کوردستان کشاندووەتەوە.

+964 دەزانێت، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە ١٢ـی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت، دەستلەکار کێشانەوەی ئەو سێ پەرلەمانتارەی پارتی دەخرێتە کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان.

بەگوێرەی نووسراوێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی کوردستان بە ژمارە ١٥٢ لە دووی ئەم مانگە، کە ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کراوەو وەڵامی ئەوە دراوەتەوە کە بەگوێرەی ریزبەندی کێن ئەوانەی جێگەی ئەو سێ پەرلەمانتارە دەگرنەوە لەسەر بنەمای ئەو دەنگەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵی ٢٠١٨ بەدەستیانهێناوە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی کوردستان، ناوی هەریەکە لە جیهاد تەیب ئەحمەد، زەری نەوزاد جەمیل و ترکیە سدیق ئەیوبی بۆ پەرلەمانی کورستان ناردووە.

زەری نەوزاد، بۆ +964 قسەی کردووەو ئەوەی پشتراستکردەوە کە لە ئاستی حزبیش ئاگادار کراوەتەوە کە بەگوێرەی ریزبەندی دەچێتە جێگەی یەکێک لەو سێ ئەندامە پڕ دەکاتەوە.

دەستلەکار کێشانەوەی ئەو سێ پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتیم دوای بڕیارێکی ئەو حزبە دێت کە لە کۆنگرەی ١٤ـی ئەو حزبە دراوە کە نابێت ئەوانەی لەناو حزب پۆستی باڵا وەردەگرن، نابێت پۆستیان لە حکومەت و پەرلەمان هەبێت.