“گومانی توشبوون بە شێرپەنجە هەیە”

لە پێنجوێن دەرمانە کشتوکاڵییەکان رۆژانە زیان لە نزیکەی 10 جوتیار دەدەن

964+
ئەحمەد مستەفا

دەرمانە کشتوکاڵییەکان و بەتایبەت قڕکەرەکان، بەهۆی هەبوونی مادە و پاودەری کیمیایی رۆژانە نزیکەی 10 جوتیار رەوانەی نەخۆشخانەی شەهیدانی پێنجوێن دەکات.

دەنگۆیەک لەنێو خەڵک هەیە، هۆکاریش بووە بۆ زیادبوونی ژمارەی توشبووانی شێرپەنجە، نەخۆشخانەی قەزاکەش پێی وایە، جووتیارەکان شارەزاییان وەک پێویست نییە لە بەکارهێنانی دەرمانەکان.

بەپێی سۆراغی 964، چەند دەرمانێکی قاچاغ کە لە وڵاتانی هیندستان و چین دروستکراون بەبێ ئەوەی مۆڵەتیان هەبێت لەلایەن جوتیاران بەکاردەهێنرێن.

یەکێک لەو دەرمانانە، ناوی (میسیۆمین)ە، پاودەرێکی 50 گرامیە و نرخەکەی ناگاتە 10 دۆلار، بەڵام کوشندەترین دەرمانە کە (مار، مێرو و حەشەرات) و تەنانەت ئاژەڵیش لەناودەبات و کاریگەری راستەوخۆ لە سی و جگەر دەکات.

دەرمانی قاچاغ لەناو نووسینەگەکان هەن

پێنجوێن نزیکەی 30 نوسینگەی کشتوکاڵی هەیە، (ب.ح) کارمەندی یەکێک لەو نووسینگانەیە ئەو بە 964ـی وت، “ناتوانم بڵێم دەرمانی قاچاغ و کوشندە لەنێو نووسینگەکان بوونیان نییە، کە زۆر ئاسایش مامەڵەی پێوەدەکرێت”.

ئەو کارمەندە پێیوایە بەشێک لە جوتیارەکان کەمتەرخەم بن، چونکە وتی، “رابەرە کشتوکاڵییەکان، داوا لە جوتیاران دەکەن، دەستکێش و دەمامک بکەن، بەڵام جوتیارمان هەیە دەڵێت کورە دەرمانەکە دەشی خۆمەوە، لەکاتێکدا بۆ مرۆڤ ناتەندروست و کوشندەیە”.

دکتۆر خالید عەبدوڵا، پزیشکی نەشتەرگەری گشتی لە تەندروستی پێنجوێن بۆ 964 ئەوەی ئاشکراکرد، “کە دەکرێت حاڵەتی شێرپەنجە هەبێت، بەڵام نەبووەتە جێگای سەرنج، چونکە پێنجوێن داتای توشبووان تۆمار ناکات”.

بەڵام وتی، “رۆژانە کەیسی حەساسیەت، سووتانەوە و کزانەوەیان هەیە ئەوەش لە رێگەی (چاو، پێست یان کۆئەندامی هەناسە) روویانداوە”.

بە وتەی، دکتۆر خالید عەبدوڵا بێت، “ئەوان رۆژانە نزیکەی 10 کەیسی لەو جۆرەیان هەیە، کە بەهۆی نەشارەزایی لە بەکارهێنانی دەرمان، جوتیار و کرێکاری بەکارهێنەر دەهێنرێنە نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن”.

لە شەش مانگدا 21 حاڵەتی شێرپەنجە هەبووە

بەگوێرەی داتایەک کە لە نەخۆشخانەی هیواوە دەست 964 کەوتووە، “لە شەش ساڵی رابردوودا و لە 2016 بۆ 2022 لەو قەزایە 181 کەس وەک توشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، لە کاتێکدا لە شەش مانگی ئەمساڵدا 21 حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە”.

لەبارەی دەرمانە قڕکەرەکانەوە، دکتۆر محەمەد عەبدولوەهاب، لێپرسراوی هۆبەی کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی بە 964ـی وت، “بەکارهێنانی ناستاندارد هۆکارێکی کوشندەیە بۆ توشبوونی کەسی بەرکاهێنەر بە شێرپەنجە”.

بە وتەی دکتۆر محەمەد بێت، “مادە قڕکەرەکان و ئەو پاودەر و گیراوانەی تێدا بەکاردەهێنرێت، زۆرینەی پێکهاتەکەی مادەی کیمیاییە، ئەوەش هۆکارە بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی پێست و سییەکان”.

سەرۆکی هۆبەی کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجە لە سلێمانی دەڵێت، “بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی ئەوان بینویانە، دەرمانی قەدەغەکراوی کشتوکاڵی لە نوسینگەکاندا بوونی هەیە” داوایکرد وەزارەتی کشتوکاڵ بەدوایدا بچێت و وەڵامی رای گشتی بداتەوە.

ئەو کارەی جوتیارەکان و ئەو کاریگەرییەی دەرمانەکە هەیەتی، دژ وەستانەوەیە بەرامبەر بە دوو حەشەراتی سەرەکی، هاڕییە کە کرمێکی بۆرە لەگەڵ کولە کە پێکەوە شەتڵ و گەڵای جووتیارەکان دەخۆن.

لە سلێمانی 1508 کەس تووشی شێرپەنجە بوون

لە سلێمانی 1508 کەس تووشی شێرپەنجە بوون