وەزارەتی ناوخۆ وەڵام دەداتەوە
بەهۆی گەرماوە هاتنەدەرەوەی ئۆتۆمبێل دەکرێت بە تاک و جووت؟
964+
شۆڕش عەبدوڵا
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، سەنتەری شارەکان زیاتر گەرم دەبن و شارەزایانی بواری ژینگە بەشێک لە گەرماکە بۆ ئیشکردنی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکانی دیکە دەگێڕنەوە.
ئۆتۆمبێل و ئامێرە کارەباییەکان بە وزە کار دەکەن، ئەو وزەیەش کە دەسووتێت بە شێوەی گەرمی دەیداتەوە و بەوەش گەرما بۆ کەشوهەوا زیاد دەکات.
964 سۆراغی کرد بەوەی ئایا وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ نیازێکیان هەیە هاتنەدەرەوەی ئۆتۆمبێلەکان سنوردار بکەن و بکرێت بە سیستمی تاک و جووت؟ دەرکەوت پلانێکی لەو جۆرە لە ئارادا نییە.
سیستمی تاک و جووت چییە؟
سیستمی تاک و جووت ئەوەیە کە هەر ئۆتۆمبێلێک کۆتایی رەقەمەکەی تاک بێت ئەو رۆژە لە ماڵ بێنەدەرەوە، بەڵام بۆ سبەینێ رەقەم جووتەکان بێنەدەرەوە و تاکەکان رێگەیان پێنەدرێت.
ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، ئەو بابەتە پەیوەندی بەوانەوە نییە و لای وەزارەتی ناوخۆیە، هەربۆیە ناتوانن هیچ پلانێکی بۆ دابنێن.
964 هەوڵیدا لەگەڵ وەزیر و بەڕێوەبەری وەزارەتی ناوخۆ قسە بکات، بەڵام بەردەست نەبوون. لەجیاتیدا، هۆگر جومعە لە راگەیاندنی وەزارەتەکە بۆ 964ـی باسکرد، بەشێوەی فەرمی هیچ پلانێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە، ئەگەر هەبێت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم تاوتوێی دەکەن.
واژۆ کۆدەکەینەوە رێگە نەدرێت ئۆتۆمبێل بێنە ناو سەنتەری شارەکان
لەم کەین و بەینەدا، رێکخراوێکی ژینگەیی لە هەوڵدایە واژۆ کۆبکاتەوە تاوەکو فشار بخاتە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان رێگەنەدرێت رۆژانی هەینی و شەممە ئۆتۆمبێل بێتە ناو سەنتەری شارەکان.
“ئێمە سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆین بۆ ئەوەی رێگەنەدرێت رۆژانی هەینی و شەممە ئۆتۆمبێل بێتە ناو سەنتەری شار، تاوەکو ئێستا نزیکەی پێنج هەزار واژۆمان کۆکردووەتەوە”، ئاسۆ شکاک بەرپرسی رێکخراوی ئاڤیار بۆ ژینگەپارێزیی وای بە 964 وت.
ئەو هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان و کاریگەری زۆریان لەسەر کەشوهەوا و ژینگە بەهۆی فڕێدانی غازێکی زۆری ژەهراوی و ناتەندروست.
لە لایەکی دیکە، فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بۆ 964ـی روونکردەوە، “زۆر ئەستەمە بتوانین کارێکی وا بکەین، چونکە ناکرێت، ساڵانی رابردوو سەیارە کەمتر هەبوون کەچی هێشتاش نەماندەتوانی”.
وتیشی، هەندێک چارەسەر هەن، بۆ نمونە هەندێک لە فەرمانگەکانی حکومەت پاسیان گرتووە بۆ کارمەندەکانیان و بەوەش پێویست ناکات ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە لە ماڵ بێنەدەرەوە.