باخچه‌ و پاركه‌كانى هه‌ولێر چۆن و به‌چی ئاو ده‌درێن؟

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئەندازەی پاركەكانی هەولێر ده‌ڵێت، ئه‌وان گرنگى تایبه‌ت به‌ ئاودانى باخچه‌ و پاركه‌كانى هه‌ولێر ده‌ده‌ن، دوو جۆر ئاودانیش باسده‌كه‌ن كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان به‌رده‌وام پێیوه‌ پابه‌نده‌.

رێبین ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر، به‌ 964ـى وت، له‌رێگه‌ى چه‌ند تیمێكیانه‌وه‌ كارى ئاودانى باخچه‌ و پاڕكه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

تیمی یەکەم، ئەو کارمەندانەن کە لەناو پاڕکەکان و دوورگە ناوەندیەکان کاردەکەن و بەسەر هەر سێ شەفتی بەیانیان و نیوەڕۆیان و شەوان دابەش دەکرێن کە کاریان رێکخستنەوەی سیستەمی مرەشات و چاکردنەوەی قفڵەکان و پڕکردنەوەی خەزانەکان و ئاودانی سەوزاییە.

تیمی دووەمیش، ئەو کارمەندانەن کە بە سیستەمی تەنکەرات ئاودان دەکەن ئەوانیش بەسەر دوو جۆر دابەش دەکرێن.

هه‌روه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌ندازه‌ى باخچه‌ و پاڕكه‌كانى هه‌ولێر باسیده‌كات، جۆری یەکەمیان ئاوێكی خاوێنە، کە کارمەنده‌كانیان له‌رێگه‌ى تەنکەراته‌وه‌ جێبه‌جێی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێت “ئاوی خاوێن دەگوازینەوە بۆ تەواوی ئەو شوێنانەی کە کەمی ئاویان هەیە و خەزانەکان پڕ دەکەین و دارەکانیان پێ ئاو دەدەین”.

جۆری دووەمى ئاودانیشیان، به‌ ئاوى پیسە، کە ساڵانە بە ملیۆن لتر ئاوی پیس سوودی لێ دەبینن و ده‌ڵێت “ئەم کارەش بە سیستەمی تانکەراتی ئەهلی کاری لەسەر دەکرێت بەشێوازێکی سیستەمی و رێکوپێک و دانانی (جی پی ئێس) بۆ تەنکەرەکان بۆ ئەوەی رۆژانە بزاندرێت چەند سەفەری ئاودانی هەیە و چەند شوێن ئاودانی بۆ کراوە و چەند شوێنی دیكه‌ش پێویستی بە ئاودان هەیە”.

رێبین ئه‌حمه‌د، داواكاره‌ كه‌ هاوڵاتیان ئەرکی سەرشانیان کەمێک کەمبکەنەوە و لە ئاودانی ئەو دارانەی کە لە نزیک ماڵەکانیان چاندراوە هاوكاریان بن.