پۆلیسی قەرەداغ بە دوای ئەو کەسەیە ئاگری کردووەتەوە

964+
ئەحمەد مستەفا -سلێمانی

ئەو ئاگرەی شەوی رابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوامی هەبوو، بە درێژایی هەشت کیلۆمەتر فراوان بووە، پۆلیس دەڵێت، لە گڵەزەردەوە کراوەتەوە”.

بە پێی رووپێوی پۆلیسی دارستانی قەرەداغ بێت، ئاگرەکە لە سنووری شاخی گڵەزەرەی سەر بەناحیەی بەکرەجۆ هەڵگیرساوە، بەدرێژایی هەشت کیلۆمەتر و بە ئاڕاستەی رۆژهەڵاتی شاخی گڵەزەردە و هاسنور، لەگەڵ گوندی سوێراوای سەر بە قەزای قەرەداغ فراوان بووە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی قەرەداغ، کە خۆی سەرپەرشتی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەی کردووە، رائید عەبدوڵا حوسێن بە 964ی وت، “بە پشتبەستن بە ئامێری بلاوەر و کەرەستەی پێویست، هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەمان داوە، پێگەیاندنی ئاو بۆ زۆر ناوچە سەخت بووە”.

رووکاری باکووری شاخی گڵەزەردە، کە دەکاتە رووی شاری سلێمانی، سووتاوە، هەروەها بە درێژایی سەرشاخ و باشووری شاخی گڵەزەردە، کە دەچێتە رووبەری جوگرافیای قەزای قەرەداغ، بە نزیکی هەزار دۆنم سووتاوە.

رائید عەبدوڵا دەڵێت، “تیمەکانمان سەلامەتن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوچەی دارستان و بەربڵاوە، بە رێژەی %95 داری بەڕووە و بە رێژەی %5 دار گۆێز و قەزوانە، بە دڵنیاییەوە زیانی گەورەی بەرکەوتووە لە ئاژەڵی کێوی و باڵندە و لەوەڕگەی گوندەکانیش”.

پۆلیسی دارستانی قەرەداغ بۆی روونبوەتەوە، سەرچاوەی هەڵگیرسانی ئاگرەکە دەسپێکی شاخی گڵەزەردە بووە لە بەکرەجۆ، بە وتەی بەڕێوەبەرەکەیان بێت، “پەڕاوی لێکۆینەوە بۆ ئاگرکەوتنەوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە و بەدواچوونیان بەردەوام دەکەن، تا کەسی بکەر دەدۆزنەوە”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی