ئەو تۆمەتبارەی بە هەڕەشە دوکاندارەکەی رووتاندەوە دەستگیرکرا

پۆلیس؛ پێشینەی دزی لەمجۆرەی هەبووە

964+

توانا نەقی – هەولێر

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەسێک بەچەک هێرش داکاتە سەر دوکاندارێک و بە هەڕەشەی چەک تەواوی پارەی دەخیلەکەی و ١٢٦ کارتی پێنج هەزاری کۆڕەکی لێدەدزێت، پۆلیس دەستگیری داکات و دەڵێ؛ پێشینەی دزی لەمجۆرەی هەبووە.

پۆلیسی هەولێر لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڤیدیۆیی ئەو تۆمەتبارەی بڵاوکەردەوە کە شەوی رابردوو لە مارکێتێکی هەولێر دزی کردبوو.

نوسینگەی باشووری پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، تۆمەتبار (د. ی. م.)ـیان دەستگیرکرد کە کە کاتژمێر پێنج و دە خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٠ـی کانونی یەکەم، بە هەڕەشەی چەک بڕی دوو ملیۆن و پێنج هەزار دیناری عێراقی و ١٢٦ کارتی مۆبایل لەجۆری پێنج هەزاری و دە هەزاری دزی بوو، دەڵێ؛ دوای دەستگیرکردنی دانی بە تاوانەکەی داناوە کە پێشتریش بەهەمان شێوە دزی لە چەند مارکێتێکی تر کردووە.

بە وتەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و  رەوانەی بەردەم دادوەر کرا، دادوەر بڕیاریدا بەبەند کردنی تۆمەتبار بەپێی ماددە  ٤٤٣ لە یاسای سزادان.