له‌ راپه‌ڕین هه‌ڵمه‌تی كوتانی منداڵان ده‌ستپێده‌كات

964+
ژیوار خدر – راپه‌ڕین

تەندروستی راپەڕین هەڵمەتێکی شەش رۆژەی راگەیاند بۆ ئەو منداڵانەی بە هەر هۆکارێک بێت دواکەوتوون لەوەی بکوترێن، داوا دەکات باوک و دایکان ئاگه‌داربن.

دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی راپەڕین بە 964+ی وت، له‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌وه‌ هەڵمەتی کوتانی منداڵان ده‌ستپێده‌كات، تا شەش رۆژی دیکە بەردەوام دەبێت، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش لە ١٨ بنکەی جیاواز به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

وتیشی، “هەڵمەتەکە دەڤەری بتوێن و پشدەر بە گشتی دەگرێتەوە، هەروەها تیمەکانمان بەپێی پێویست سەردانی گەڕەک و کۆڵان و گوندە دوورەدەستەکانیش دەکەن”.

هەڵمەتەکە بۆ ئەو منداڵانەیە کە لە کاتی ئاسایی کوتانی خۆیاندا نەیانهێناون بۆ بنکەکان، یان لە ماڵەوە و قوتابخانەکان ئامادە نەبوون بۆ وەرگرتنی ژەمی کوتانەکانیان.

دیار ئیبراهیم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، كوتانه‌كه‌ تەنیا ئەو منداڵانە دەگرێتەوە، کە تەمەنیان لەنێوان دوو مانگ بۆ شەش ساڵیدایە و داواكارین باوك و دایكانی منداڵه‌كان ئاگه‌داربن و ئه‌وانه‌ی نه‌كوتراون، بیانكوتن.