باوکی کەسەکە سوجدەی بردووە

کەسێک گیانی لە دەست دا و دوو کەسیش بریندار بوون

+964

ئاکام غەفور – سۆران

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 19.7.2023 لە نزیک گوندی سیساوە ئۆتۆمبێلک وەرگەڕا کە باوکێک و کچ و کوڕێکی تێدا بوون.
بەهۆی رووداوەکەوە کچەکە گیانی لە دەست دا، باوک و کوڕەکەش بریندار بوون.

خێزانەکە خەڵکی گوندی سیساوەی سەر بە ناحیەی باسرمەن.

موحسین قەسرۆکەیی لە راگەیاندنی تەندروستی شەقڵاوە بە 964ی وت، “بە هۆی رووداوەکەوە کچێکی تەمەن 6 ساڵان گیانی لە دەست داوە، دوو کەسیشیان بریندارن کە باوک و کوڕن”

وتیشی، باوکەکە تەندروستی باشە، بەڵام منداڵەکە تەندروستی باش نییە.

بە وتەی شایەتحاڵەکانی سەر رووداوەکە، کچەکە هەر لەوێ گیانی لە دەست داوە، باوکەی کە زانیویەتی کچەکە گیانی لە دەست داوە، هەر لەوێ سوجدەی شوکری بردووە و بەرامبەر کارەساتەکە خۆڕاگریی نواندووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا