بۆری ئاوی ئیفراز سێ دەگۆڕدرێت

964+
كوردستان ئەحمەد – هەولێر

حكومەتی هەرێمی كوردستان ٢٠ ملیار دینار بۆ گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفراز سێی هەولێر تەرخاندەكات و سبەی یەکشەممە دەست بە پڕۆژەكە دەكرێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشانداوە بۆ خەرجکردنی بڕی ٢٠ ملیار و ٨٤٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار بۆ چارەسەركردنی ریشەی كێشەی بۆری ئاوی ئیفراز سێ.

بڕیارە یەكشەممە ١١ی كانونی دووەمی ٢٠٢٢ قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی گۆڕینی بۆرییەکە دەستپێبكات.

پرۆژەی ئیفرازی سێ‌ ٤٠٪ی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتیوانی شاری هەولێر دابین دەكات، بە قسەی وەزارەتی شارەوانی، بەهۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر بۆرییەكە، چەند جارێك بۆرییەكە دەشكاوە.

بەگوێرەی پرۆژەکە، بۆرییەکە لە جۆری جی بی ئاڕەوە دەگۆڕدرێت بۆ کاربۆن ستیل، لەپێناو بەرگەگرتنی فشاری زیاتر.

پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ بەشە لە هەولێر، یەكەمیان لە ساڵی ١٩٦٧، دووەمیان لە ساڵی ١٩٨٢ و سێیەمیشیان لە ساڵی ٢٠٠٧ دروستكراوە.