له‌ به‌شێكی رێگاى سلێمانى – كه‌ركوك جۆگەیه‌ك دروستده‌كرێت

964+

هۆگرعەدنان – چەمچەماڵ

لە بناری بانی مەقان، بە دووری 650 مەتر جۆگەی کۆنكرێتی دروست دەکرێت بۆئه‌وه‌ى ئاوى باراناوى پێدابچێت و بشبێته‌ هۆكارێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى رووداوه‌كانى هاتوچۆ.

هەڵگورد محه‌مه‌د بەڕێوبەری چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی چەمچەماڵ به‌ 964ـى وت ماوەی سێ رۆژە سەرقاڵی ئه‌و جۆگەیه‌ن لە نێوان هەردوو سایدی رێگای کەرکوک – سلێمانی.
وتیشی ” 53 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وێستگەکانی کێش بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ته‌رخانكراوه‌”.

به‌قسه‌ى هه‌ڵگورد محه‌مه‌د، دروستكردنى ئه‌م جۆگەیە ده‌بێته‌ هۆى کەمکردنەوەى رووداوەکانی هاتوچۆ، به‌تایبه‌تیش له‌وه‌رزى زستاندا.

لایخۆشییه‌وه‌، عومەر عەلی بەڕێوبەری هاتوچۆی چەمچەماڵ بۆ 964ـى ئاشكرا كرد كه‌ ساڵانە چەندین رووداوی هاتوچۆ لەسەر رێگەی کەرکوک – سلێمانی روودەده‌ن، بەتایبەت لە بناری بانى مەقان.
وتیشی “تەنیا لە ماوەی شەش مانگى رابردوودا 16 رووداوی هاتوچۆی جیاواز لەسەر ئەم رێگایه‌ روویداوەو پێنج کەسیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 12 شیان بریندار بوونه‌”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن