سۆلاڤ شەیدا
هونەرمەند سۆلاڤ شەیدا گیانی لەدەست دا
+964
ئەحمەد مستەفا
خانمە ئەکتەری شانۆ و درامای کوردی سۆلاڤ شەیدا پاش ماوەیەک رووبەروو بوونەوەی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی هیوا گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەک لە راگەیاندنی نەخۆشخانەی هیوا بۆ 964 وتی، ئەمڕۆ کاتژمێر 1:30 خولەکی پاش نیوەڕۆ سۆلاڤ شەیدا لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا، دوای دوو ساڵ وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی.
ئەم خانمە ئەکتەرە نزیکەی 30 ساڵ بوو کاری هونەریی دەکرد و بە شانۆ دەستی بە نواندن کرد، پاشان بۆ دراما و فیلم، جگە لە نواندن دەرهێنەر و چالاکوانیش بووە.
سۆلاڤ شهیدا لە ساڵی 2007 لە درامای “گوڵێک کاڵتر” دەرکەوت، پاشان رۆڵی لە چەندان فیلم و درامای دیکەدا بینی، وەک “فیلمی ژانی گەل، درامای بەختەباران و ژیلەمۆ”.
شەیدا بەشداری لە چەند فێستیڤاڵێكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ سینهما کردووە، خاوەنی چەند خەڵاتێكیشه، وەک باشترین سیناریۆ بۆ کورتە فیلمی “فرمێسک بۆ تارا” خەڵاتی لاوی ساڵ لە لایەن سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان.
پێداچوونەوە: پەرستۆ ساڵح