هەفتەی پێنج رۆژ

رۆژانی شەممە لە قوتابخانەکان کرا بە پشووی فەرمی

964+
ژووری هەواڵ

وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا، لە ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024ـەوە، رۆژانی شەممە لە قوتابخانە حکومییەکان بکرێتە پشووی فەرمی.

بەو بڕیارە، لە هەفتەیەکدا پێنج رۆژ مامۆستا و قوتابیان دەوامیان دەبێت.

ئەمە گشت ناوەندەکانی خوێندن دەگرێتەوە، لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو پۆلی 12 و پەیمانگا پیشەییەکان.

ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا لە شاری دهۆکەوە رایگەیاند، ئەم بڕیارە ئەنجومەنی وەزارەتەکەی داویەتی.

ئەو باسی لە سوودەکانی بڕیارەکە کرد و وتی، “مامۆستایان لەجیاتی شەش رۆژ پێنج رۆژ دەوام دەکەن، ئەرکیان هاوتا دەبێتەوە و ئەو مامۆستایانەی لە دەرەوەی شارەوە دەچنە گوند و ناوچە دوورەکان کاتی پشوویان زیاتر دەبێت”.

هەروەها وتی، “خێزانەکانیش دەرفەتیان زیاتر دەبێت، بەڵام نابێت ئەم بڕیارە لە کواڵیتی خوێندن کەم بکاتەوە”.

بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردە، رۆژی 13ـی 9ـی 2023 یەکەم رۆژی دەستپێکی خوێندنی ساڵی نوێ دەبێت.