وێنەی یانەی کچانی پێشمەرگە و گازی باکور.وێنە:سۆشیال میدیا
کچانی پێشمەرگە و گازی باکور دووەم بوون
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
کەمێک پێش ئێستا و لە شاری بەغدا، هەریەک لە تیپەکانی کچانی یانەی پێشمەرگە و گازی باکور لە پاڵەوانیەتی عێراق پلەی دووەمیان بەدەستهێنا.
لە رۆژانی 12 بۆ 15ـی ئەم مانگە و بەسەرپەرشتی فیدراسیۆنی نیشانشکێنی عێراق و لە شاری بەغدا، پاڵەوانیەتی نێشانشکێنی یانەکانی عێراق بۆ هەردوو ئاستی کوڕان و کچان لە هەردوو جۆری دەمانچە و تفەنگ بەڕێوەچوو، لەم پاڵەوانیەتییەدا 92 یاریزان کە نوێنەرایەتی 25 یانەیان دەکرد لە رکابەری بەهێزدا بوون.
دوای ئەنجامدانی ململانێیەکی زۆر کچانی یانەی پێشمەرگە لە جۆری تفەنگ دوای کۆکردنەوەی 1574 خاڵ پلەی دووەمیان دەستەبەرکرد.
شۆڕش سلێمان، لە شاری بەغداوە بە 964ـی راگەیاند، پاڵەوانیەتییەکە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بووە و تا دوا ساتەکان کێبرکێی بەهێز لە نێوان یاریزاناندا هەبوو.
وتیشی، یانەکەیان وەک هەموو پاڵەوانیەتییەکانی پێشوو، رکابەری بەهێزیان کرد و توانیشیان لە نێوان 25 یانەدا پلەی دووەم بەدەستبهێنن.
لەم پاڵەوانیەتییەدا کە شەش یانەی هەرێمی کوردستان بەشداریان کردبوو، لە جۆری دەمانچە یانەی کازمییە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و یانەکانی گازی باکور و حلە پلەکانی دووەم و سێیەمیان مسۆگەرکرد، لە جۆری تفەنگی کچانیش، بەهەمان شێوە کچانی کازمییە پلەی یەکەمیان گرت و پێشمەرگەی سلێمانی و بەدریش پلەکانی دووەم و سێیەمیان دەستەبەرکرد.
پێداچوونەوە: توانا نەقی