هۆشداریی دەدرێت

کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکەی شەوی هەینی لە کوێی دیکە دەردەکەون؟

964+

فەهمی نەبی

دوای ئەوەی درەنگانی شەوی هەینی بوومەلەزرەیەک بە گوڕی 3.9 بە پلەی رێختەر لە چەمچەماڵ و دەوروبەری هەستی پێکرا، شارەزایەکی جوگرافیا و کەشناسی دەڵێت، چەند ناوچەیەک هەن، کە بەهۆی لاوازیی پلێتەکانیان ئەگەری هەیە بوومەلەرزە تێیاندا رووبدات.

بوومەلەرزەکەی شەوی رابردوو، چەقەکەی ناحیەی قادرکەرەم بووە، بە قوڵایی 10 کیلۆمەتر لە ژێر زەوی و کاتژمێر 8:56ی شەوی هەینی لەسەر شەممە روویداوە، بە جۆرێک شوێنی بوومەلەرزەکە 66 کیلۆمەتر لە قەزای کەلار دوور بووە.

سیروان ساڵح شارەزای جوگرافیا و کەشناسدیە، رایگەیاندووە هەندێک ناوچە هەن ئەگەری روودانی بوومەلەرزە تێیاندا بەرزە، بە تایبەت سنووری نێوان عێراق و ئێران و باشوری ئێران.

سیروان ساڵح دەڵێت، هەر ناوچەیەک لەو شوێنانەی دەستنیشانکراون، ئەگەر پلێتەکانی لاوازبن ئەگەری خاڵیبوونەوەی وزەی هەیە بە پلەی سەرووی پێنج.

هاوکات چەند ناوچەیەکی دیکە هەن، ئەگەری روودانی بوومەلەرزە تێیاندا بەرز دەبێت، وەک ئەو ناوچانەی سەرەتای ئەمساڵ لە تورکیا و سوریا بوومەلەرزە تێیاندا روویدا، رۆژهەڵاتی ئەفغانستان و پاکستان، خۆرئاوای تورکیا و دەریای ئیجە، دوورگەی بەڵقان، دوورگەی کریت و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

ئەو شارەزایەی جوگرافیا و کەشناسی دەڵێت، ئەو شوێنانەی دەستنیشانکراون فشار لەسەر پلێتە تەکنۆنیەکانیان هەیە.