یاریزانانی پێشمەرگە مەدالیای برۆنزیان بۆ عێراق بەدەستهێنا

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەب و لە دوا رۆژی رکابەرییەکان، هەڵبژاردەی عێراق پلەی سێیەم و مەدالیای برۆنزی بەدەستهێنا.

لە ماوەی رۆژانی 7 بۆ 9 ـی ئەم مانگە و لە وڵاتی جەزائیر، 15 هەمین پاڵەوانیتی یارییەکان بۆ وڵاتانی عەرەب بەرێوەچوو، لە رکابەرییەکانی یاری شەترەنجدا هەڵبژاردەی عێراق بۆ هەردوو ئاستی کوڕان و کچان بە 10 یاریزان بەشداری کردبوو، کە سیانیان کورد بوون و یاریزانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بوون، ئەوانیش پێک هاتبون لە ئاریان عەلی، ئاکار عەلی و کارین کەمال.

ئەسعەد ئیسماعیل، ئەندامی فیدراسیۆنی شەترەنجی عێراق بە 964ـی راگەیاند، ماوەیەکی زۆرە یاریزانە کوردەکان ئامادەکاری بۆ ئەم پاڵەوانیەتییە دەکەن، چاوەڕێی ئەنجامی باشیان لێ دەکردن.

وتیشی، هەر بەهۆی ئەو یاریزانە کوردانەوە هەڵبژاردەی عێراق توانی پلەی سێیەمی پاڵەوانیەتییەکە مسۆگەربکات.

لە دوا رۆژی رکابەرییەکانی یاری شەترەنج، هەریەک لە ئاکار عەلی و کارین کەمال و ئاریان عەلی، لەبەرامبەر جەزائیردا سەرکەوتنیان تۆمارکرد و بەوەش عێراق توانی لە کۆی حەوت هەڵبژاردەی بەشداربوودا، پلەی سێیەم و مەدالیای برۆنز مسۆگەر بکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی