چیرۆکی خنکاوەکان دەکرێتە فیلم

+964

پەرستۆ ساڵح – هونەری

بەڵگەفیلمێک لە ژێر ناونیشانی “بوەستە ئەی دەریا” کە چیرۆکی  خنکاوەکان لە رێگای هەڵهاتنیان بەرەو ئەوروپا دەگێرێتەوە، لە ئەڵمانیا نمایش دەکرێت.

دەرهێنەر و نوسەری کورد ئەمیر تەها، بە هاوکاری رێکخراوێکی ئەڵمانی بە ناوی “seebrucke” بەڵگەفیلمێکی لە ژێر ناونیشانی “sei still, meer” واتە بووەستە ئەی دەریا بەرهەمهێناوە، وابڕیارە لە رۆژی شەممەی داهاتوو، ١٠ـی ئەم مانگە لە شاری ڤوپیرتاڵی ئەڵمانیا پەخش بکرێت.

دەربارەی چیرۆکی فیلمەکەش، دەرهێنەر ئەمیر تەها بۆ +964 وتی “چیرۆکی فیلمەکە باس لەو کەسانە دەکات کە لە رێگایان بەرەو ئەوروپا بەهۆی دەریاوە خنکاون و تووشی کارەسات هاتوون، وەک چیرۆکی ئالان کوردی کە لە هەموو جیهان دەنگدانەوەی هەبوو، هاوکات چەندین چیرۆکی دیکەی کورد و عەرەب و هەموو ئەو کەسانەی لە رێگای قاچاغ تووشی مەرگەسات دەبن یان خێزانەکانیان سەرگەردان دەبن ودادەبڕێن و تەواویان لە چیرۆکە راستیەکانەوە وەرمگرتوون بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک کتێبی بەڵگەنامەیی بە زمانی ئەڵمانی”

دەرهێنەر ئاماژەشیدا بەوەی ئەمە دواین کاری نابێت لەسەر ئەو چیرۆک و مەرگەساتانەی تووشی ئەو کەسانە دەبێت کۆچ دەکەن بۆ ئەوروپا، بەڵکو کاری دیکەی بەدەستەوەیە بە هاوکاری هەمان رێکخراو.