مێسی كه‌ی له‌ ئینته‌ر مه‌یامی ده‌رده‌كه‌وێت؟

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

وادەی پێشکەشکردنی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لیۆنێل مێسی وەک یاریزانێکی نوێ لە ریزەکانی ئینتەر مەیامی دیاریی کرا.

بڕیاره‌ یەکشەممەی داهاتوو 16.7.2023 لیۆنێل مێسی لە ئینتەر مه‌یامی پێشکەش به‌ میدیاكان و جه‌ماوه‌ر بکرێت، هه‌روه‌ك یانه‌كه‌ی رایگه‌یاندووه‌.

ئاهەنگی پێشکەشکردنی مێسی لە ژێر ناوی “The Unveil” لە یاریگه‌ی DRV PNK بەڕێوەدەچێت، کاتژمێر 8:00ی شەو بە کاتی ناوخۆی مه‌یامی.

هەروەها بڕیارە لە رێوڕەسمەکەدا سێرجیۆ بۆسکێتسی ئیسپانییش وه‌ك یاریزانی نوێی یانه‌كه‌ بناسێنرێت، كه‌ ئه‌ویش له‌گه‌ڵ مێسی لە بارسێلۆنا یاریی كردووه‌.

هەفتەی رابردوو یانەی ئینتەر مه‌یامیی ئه‌مریكی، تاتا مارتینۆی ئه‌رجه‌نتینی وه‌ك راهێنەری نوێی یانه‌كه‌ی راگه‌یاند، بەڵام تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ پۆستەکەی وەربگرێت، ئەمەش بەهۆی تەواونەکردنی هەندێک رێکاریی کارگێڕییەوە، بۆیە خافێر مۆرالێس بە شێوەیەکی کاتی راهێنەری تیپەکەیه‌.