کێشەی تۆڕی ئاوی سێ گوندی قەزای پیرمام چارەسەر دەکرێت

964+

سەعید محەمەد یونس – هەولێر

کێشەی تۆڕی ئاوی گوندەکانی بانەمان و گڕاو و سێوەکە لە قەزای پیرمام چارەسەر دەکرێت، جگە لە تۆڕی ئاوەکە قیرتاوێکی زۆریش بۆ ئەو گوندانە دەکرێت.

964+  لە زاری قائیمقامی قەزای پیرمامی سەر بە پارێزگای هەولێرەوە دەزانێت، تۆڕی ئاوی ئەو گوندانە ماوەیەکی زۆر بوو بێکەڵک ببوو، داواکاری زۆریش بۆ قیرتاوکردنی رێگەوبانەکانیان هەبوو.

ژمارەی دانیشتووانی گوندی بانەمان ١٠٠ ماڵە، هەروەها گوندی سێوەکە و گڕاو ٣٠٠ ماڵ تیایاندا نیشتەجێن.

حامید ئیسماعیل کاکەیی، قائیمقام قەزای پیرمام دەڵێت؛ پڕۆژەکان بە گوژمەی یەک ملیار و هەشتا ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێن.

زانیارییەکانی قائیمقام ئاشکرای دەکات، لە گوندی بانەمان سێ هەزار و ٧٠٠ مەتر، لە گوندی سێوەکە سێ هەزار و ٥٠٠ مەتر و لە گوندی گڕاو بیست هەزار مەتر دووجا کۆنکرێتی کۆڵانەکانیان بۆ دەکرێت.