چواریان پێشینەی تاوانیان هەبووە
پێنج ئافرەت لە سلێمانی دەستگیر کران
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بە تۆمەتی دزیکردن لە چەند دوکانێکی زەڕەنگەر لەناو بازاڕی شاری سلێمانی، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان پێنج تۆمەتباری ئافرەتیان دەستگیر کرد.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بە 964+ـی راگەیاند: لەناو بازاڕی زەڕەنگەرانەوە سکاڵا تۆمار کراوە کە دزییان لێ کراوە، دوای لێکۆڵینەوە پێنج ئافرەت دەستگیر کران و دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە.
“چوار لەو ئافرەتانە عەرەبن و پێشینەی تاوانیان هەیە و پیشتر لە لایەن پۆلیسەوە لەسەر ئەنجامدانی تاوانی دیکە دەستگیر کراون”، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد وای وت.
لە ئێستاشدا تۆمەتبارەکان بە پێی ماددەی ٤٤٦ یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە دزیکردن راگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.