قایمقامی کۆیە؛ خەڵکی کۆیە قوربانی دوو ئیدارەیین
ئومێد خۆشناو: کۆیە پشکی شێری بەرکەوتووە لە خزمەت گوزاری
964+
توانا نەقی – هەولێر
بۆ ئەمساڵ، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر ٣٥ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ کۆیە خەرجکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو شارە لەڕووی سیاسییەوە یەکێتی تێیدا باڵا دەستە، بەڵام قایمقامی کۆیە ئەوە رەتدەکاتەوە لە رابردووشدا پارەیان لەسەر ٤٣ـی پشکی سلێمانی بۆ خەرج کرا بێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند؛ لەم ساڵدا ٣٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ کۆیە خەرجکراوە، ئەگەر کۆیە بەراورد بکەین لەگەڵ قەزاکانی تری پارێزگای هەولێر، کۆیە بەشی شێری بەرکەوتووە.
قەزای کۆیە، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە، بەڵام دوای شەڕی ناوخۆ، تا ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو شارە لە رووی سیاسییەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان تێیدا باڵا دەستەو، تا یەکخستنەوەی هەردوو حکومەتی هەولیرو سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٥، خەرجییە داراییەکانی لەسەر ئیدارەی سلێمانی بوو، بەڵام دوای یەکخستنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، بەردەام گرفتیان هەبووەو، قسەش لەسەر ئەوە دەکرێت کە هێشتا یەکێتی خەرجییەکانی لەسەر پشکی ٤٣٪ـی بودجەی زۆنی سەوز، دابین دەکات.
تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە 964+ـی وت؛ ئەو بڕە پارەیەی کە پارێزگاری هەولێر لەسەردانەکەیدا بۆ کۆیە ئاماژەی پێکرد، خەرجکراوە لەمساڵدا، بۆ هەریەک لە پرۆژەکانی، شەقامی فیدراڵ بە بری شەش ملیار و ٣٥٠ ملیۆن دینار، شەقامی ناو شار بە بڕی دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار، شەقامی فولکەی حاجی قادر بە بڕی حەوت ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار، رێگای شەست مەتری کۆیە دوو ملیاردیناری بۆ خارجکراوە، پرۆژەکانی دەشتی کۆیە و ئاوەدانکردنەوەی رێگای گوندەکان بە بڕی ١٥ ملیار دینار، دابینکردنی نزیکەی یەک ملیار دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی، هەندێک لەو پرۆژانە لەبواری جێبەجێکردندایە و هەدێکی تریان بڕیاری جێبەجێکردنی دەرچووە.
ئەوەشی رەتکردەوە کە بودجەیان لەسەر پشکی ٤٣٪ـی زۆنی سەوز بێت، دەڵێ؛ لە رووی ئیداریەوە کۆیە سەر بە پارێزگای هەولێرە، بۆیە لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێرەوە پارەی بۆ تەرخان دەکرێت، جگە لەو پارەیەی کە لەلایەن وەزارەتەکانەوە تەرخان دەکرێت.
زیاتر وتی “پێشتر سیمای دوو ئیدارەیی کاریگەری خراپی دروستکرد بوو، لە ئێستادا هەوڵەکان جدی کراونەوتەوە، بەتایبەت لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ نەهێشتنی ئەو سیمایەی کە بەردەوام خاڵکی کۆیە بەهۆیەوە ببوون بە قوربانی”.