ئەمریکا بودجەی زیاتر بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانی دابین دەکات

964+

كوردستان ئەحمەد – هەولێر

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە راپۆرتی بودجەی ٢٠٢٣یدا، بودجەی تایبەت بۆ هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ هاوبەشەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەرخاندەكات بۆ روبەڕوبوونەوەی ئێران و گروپە نزیکەکانی.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە راوێژکاریی هەریەک لە وەزارەتی ناوخۆ و ئاژانسی هەواڵگری نیشتیمانی ئەمریكا رادەسپێردرێت، بۆ دانانی ستراتیجییەک تاوەکو هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هۆکاری ئەوەیشی بۆ روبەڕوبوونەوەی ئێران و ئەو گروپە چەکدارییانە گەڕاندووەتەوە کە نزیکن لە تاران.

دوور نییە ئەو هاوكارییە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە بەو پێیەی هاوبەشی ئەمریكایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەندین جار لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ناوچەکانی بۆردومان کراوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بۆ ساڵی ٢٠٢٣، بریتی دەبێت لە ٨١٦ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار.