هەر مۆلیدەیەکی خراپ بوو لە یەک رۆژدا چاکی نەکاتەوە سزا دەدرێت

964+

توانا نەقی

بەهۆی کەم تەرخەمی و پێنەدانی بڕی کارەبای پێویست بە هاوڵاتیان، خاونی مۆلیدەیەک لە دەربەندیخان سزای مادی درا.

مۆلیدەکە هی یەکێک لە گەڕەکەکانی دەربەندیخانە و بۆ ماوەی دوو رۆژە بە بیانووی لەکارکەوتن کارەبای نەداوە بە هاوڵاتیان.

محەمەد عەلی، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی دەربەندیخان بە 964ـی راگەیاند، دوای ئەوەی لە لایەن هاوڵاتیانەوە سکاڵا لە خاوەنی ئەو مۆلیدە کراوە سەردانیان کردووە و وتویەتی لە ماوەی یەک رۆژدا چارەسەری دەکەن بەڵام ئەوە دوو رۆژە چارەسەر نەکراوە.

وتیشی، بەو هۆکارە بڕی 300 هەزار دینار سزای پێبژرادنیان بۆ کردووە و ئەگەر سبەینێش چاکی نەکات ئەوا بە بڕێکی تر پارە سزای دەدەنەوە.

لیژنەی سووتەمەنی بەهۆی وەرزی هاوینەوە هەموو رۆژێک سەردانی مۆلیدەکان دەکەن و تەنانەت دەچنە بەنزینخانە و کارگەکانی غازی ماڵانیش بۆ چاودێری لەهەرشوێنێک کەمتەرخەمی ببینن سزا دەدرێن، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی دەربەندیخان، وای وت.

ئەو دەشڵێت، ئاگاداری سەرجەم خاوەن مۆلیدەکان کراوەتەوە کە بە بەردەوام چێک و پشکنینی مۆلیدەکانیان بکەن پێش ئەوەی لەکار بکەوێت، چونکە ئەوە دوو رۆژە هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکە بە ژن و منداڵەوە حاڵیان لەبەر گەرما زۆر خراپە.