لە چوار رۆژی جەژندا چی لە هەولێر روویداوە

964+

فەرمان سادق

پارێزگای هەولێر ئاماری رۆژانی جەژنی راگەیاند، بەپێی ئامارەکە بێت تەنیا یەک منداڵ لە نەخۆشخانە حکومییەکان لەدایکبووە و 560 تۆنیش پاشماوەی قوربانی لەناوبراوە.

ڕاگەیندراوێک لە پارێزگای هەولێرەوە، دەربارەى پلانى ئەمنی و ڕۆژانى جەژنى قوربانى پیرۆز بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز، بە سەرپەرشتی بەڕێز پارێزگاری هەولێر، لە لایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانی سنووری پارێزگاکەمان ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەکوخۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا. ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیار و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆزیش، لە سنووری پارێزگاکەمان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:-

لە رووی گەشتوگوزارەوە:

بۆ رۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز، پلانی گەشتوگوزار کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتی گەشتوگوزار ئامادەکرابوو، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران و 143 هەزار و 921 گەشتیار روویان لە هەولێر کردووە.

لە رووی ئاسایش و تەناهی:

35 تاوان تۆمارکراوە و 26 تاوان ئاشکراکراوە و 9 تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.

لە رووی هاتوچۆوە:

 هەشت رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و لە ئەنجامیاندا هەشت کەس بریندار و یەک کەسیش گیانی لەدەستداوە.

لە رووی بەرگری شارستانی:

نۆ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە و یەک رووداوى خنکان و دوو حاڵەتى رزگارکردن هەبووە.

لە رووی تەندروستى:

کۆى گشتی سەرجەم ئەو نەخۆشانەى سەردانى نەخۆشخانەکانیان کردووە پێنج هەزار و 515 نەخۆش بووە و شەش حاڵەتى سووتان و 226 حاڵەتى رووداوى جۆراوجۆر و یەک منداڵبوون و 425 نەشتەرگەرى بچووک و یەک حاڵەتى تووشبوون بە نەخۆشى پەتاى خوێنبەربوون هەبووە.

لە رووی شارەوانییەوە:

35 شوێن ئامادەکرابوون بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی، تەنیا لە رۆژانى جەژندا بڕی 560 تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی و شەش هەزار تۆن زبڵ و پاشماوەى دیکەى هاوڵاتییان لەلایەن کرێکارانى ژینگەپارێزى کۆکرایەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەر کرا.

لە رووی قوربانییەوە:

لە کوشتارگەی هاوچەرخى هەولێر و بەبۆنەى جەژنى قوربان تەنیا لە رۆژانى جەژن هەزار و 872 ئاژەڵ کراوەتە قوربانى کە 513ـیان ئاژەڵى گەورە و هەزار و 359ـشیان ئاژەڵى بچووک بوون.