به‌سه‌دان دۆنم سووتاوه‌ و تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌

كه‌س نییه‌ به‌ده‌م ئاگره‌كه‌ى بنارى قه‌ندیله‌وه‌ بچێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌ى زیاتر له‌ پێنج كاتژمێره‌ ئاگر له‌ نزیك گوندى ئێندزه‌ى بنارى قه‌ندیل كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و تا ئێستا هیچ لایه‌نێكى په‌یوه‌ندار نه‌چوونه‌ته‌ شوێنى رووداوه‌كه‌ ئاگره‌كه‌ش به‌رده‌وامه‌.

به‌ قسه‌ى هاوڵاتییه‌كى گوندى ئێندزه‌، كه‌ وه‌ك شایه‌دحاڵێك قسه‌ى  به‌ 964ـى كردووه‌، له ‌كاتژمێر نزیكه‌ى پێنجى ئێواره‌ ئه‌م ئاگره‌ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ وتیشی “تا ئێستا هۆكارى كه‌وتنه‌وه‌ى ئه‌و ئاگره‌ نازاندرێت و وه‌ك خه‌ڵكی گوندى هێنده‌ى پێمان كرابێت ئاگره‌كه‌مان له‌ گونده‌كه‌مان دوور خستووه‌ته‌وه‌”.

به‌قسه‌ى ئه‌و هاوڵاتییه‌ تا ئێستا به‌سه‌دان دۆنم له‌ پۆش و پاوانى ئه‌و سنووره‌ سووتاوه‌ ئاگره‌كه‌ش هه‌ر به‌رده‌وامه‌.

لایخۆشییه‌وه‌، دڵشێر ئیبراهیم، هاوسه‌رۆكى شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل، به‌ 964ـى راگه‌یاند، ئه‌وان وه‌ك شاره‌وانى ناتوانن هیچ كارێك بۆ كوژاندنه‌وه‌ى ئاگره‌كه‌ بكه‌ن، چونكه‌ به‌قسه‌ى ئه‌و، شوێنه‌كه‌ شاخاوی و سه‌خته‌ و هێچ رێگایه‌كی بۆ دروست نه‌كراوه‌.

دڵشێر ئیبراهیم، وتیشی “له‌پێش ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ ده‌نگى ته‌قه‌ له‌و شوێنه‌ هاتووه‌ و له‌دواى ته‌قه‌كردنه‌كانیش راسته‌وخۆ ئاگره‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌وه‌”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، له‌ سنوورى گونده‌كانى بنارى قه‌ندیل هیچ بنكه‌یه‌كی ئاگركوژێنه‌وه‌ نیه‌ و ئه‌و گونده‌ش له‌ رووى ئیداره‌ییه‌وه‌ سه‌ر به‌ ناحیه‌ى سه‌نگه‌سه‌رى قه‌زاى پشده‌ره‌.