له‌م مانگه‌ 10 حاڵه‌تى رزگاركردن هه‌بووه‌

له‌ ته‌قته‌ق دوو گه‌نج له‌ خنكان رزگاركران

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌دوو كاتى جیاوازدا له‌ سنوورى ناحیه‌ى ته‌قته‌ق دوو گه‌نج له‌لایه‌ن تیمه‌كانى سه‌ر به‌ به‌رگرى شارستانى ئه‌و ناحیه‌یه‌ له‌ خنكان رزگار كران.

یه‌كه‌میان، دوێنێ 29.6.2023 گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 16 ساڵان به‌ناو سه‌فین فه‌خره‌دین، خه‌ڵكى ته‌قته‌ق كاتژمێر پێنجى ئێواره‌ له‌ناو ئاوى زێی ته‌قته‌ق رزگار كرا.

دووه‌میشیان ئه‌مڕۆ 30.6.2023 گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 25 ساڵ به‌ناوى لواف محه‌مه‌د خالد خه‌ڵكى شارى كه‌ركوك له ‌كاتژمێر دووى دواى نیوه‌ڕۆ له‌ زێى ته‌قته‌ق رزگار كرا.

سۆران موباره‌ك ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رگرى شارستانى ته‌قته‌ق به‌ 964ـى راگه‌یاند، له‌لایه‌ن تیمى راهێندراوى مه‌له‌وانى كه‌ تایبه‌تن به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان ئه‌و دوو گه‌نجه‌ له‌ خنكان رزگار كراون.

له‌باره‌ى هۆكارى كه‌وتنه‌ ناو ئاویشه‌وه‌، وتی “ئه‌و دوو گه‌نجه‌ مه‌له‌وانیان نه‌زانیوه‌ و شاره‌زاى ئاوه‌كه‌ش نه‌بوون”.

وتیشی “به‌هۆى جه‌ژن و هاتنى گه‌شتیارێكى زۆر بۆ ته‌قته‌ق به‌رده‌وام تیمه‌كانمان له‌سه‌ر زێى ته‌قته‌ق چاودێری ژیانى ئه‌و خه‌ڵكه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانپارێزن”.

به‌ قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رگرى شارستانى، له‌ماوه‌ى ئه‌م مانگه‌دا تیمه‌كانیان توانیویانه‌ نزیكه‌ى 10 حاڵه‌تى رزگاركردن له‌ خنكان، له‌ ته‌قته‌ق ئه‌نجام بده‌ن و وتیشی “له‌م مانگه‌ هیچ حاڵه‌تێكی خنكان له‌ سنووره‌كه‌مان رووینه‌داوه‌”.