بەرهەمەکەشی بۆ نیوە دابەزیوە

شێرپەنجەو وشکەساڵی گوێزی هەورامانیان قڕ کرد

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ئەمساڵ گوێزەکانی هەورامان وەک ساڵانی رابردوو بە ئاسانی ناشکێن و بەرهەمیشیان کەم بووەتەوە، جوتیارانی ناوچەکە هۆکارەکەی بۆ وشکەساڵی و وشکەسەرماکەی زستانی پار دەگەڕێننەوە.

کاوە تۆفیق ساڵح، تەمەن ٦٥ ساڵ، کە خاوەن باخی گوێزە لە هەورامان بۆ 964+ـی ڕوون کردەوە، گوێزەکانیان ئەمساڵ ورد و وشک و رەقن و هەروەها بە ئاسانی ناشکێندرێن.

ئەو خاوەن باخی گوێزە دەڵێت، بەرهەمی ساڵانەشمان کەم بووەتەوە، “ئەگەر باخێک دوو ساڵ پێش ئێستا ٧٠ هەزار گوێزی هەبووبێت، ئەمساڵ لە ٢٠ هەزار تا ٣٠ هەزار گوێز زیاتری نییە.”

بە گوێرەی زانیارییەکانی 964+ کە لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجەوە وەری گرتووە، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە ٨٥ هەزار دارگوێزی بەردار بوونیان هەیە و بەشێکی زۆری ئەم دارگوێزانەش دەکەونە ناوچەی هەورامانەوە.

گوێزەکانی ئەمساڵی هەورامان گیرۆدەی دەردی تریشن، ئەوەتا شەریف کەریم بیارەیی خاوەن باخی گوێز لە هەورامان دەڵێت، شێرپەنجەی دارگوێزەکانیش زۆر بڵاوە و بەشێکی بەرچاوی دارگوێزەکانی وشک کردووە.

ئەو باخەوانە بۆ 964+ـی ڕوون کردەوە، شێرپەنجە لە قەدی دارەکان دەدات و ئەو توێکڵە تەنکە زەردەی خواردن بۆ گوێزەکان دەبات وشکی دەکات.

“ساڵانی پێشوو هەزار گوێز بە ٦٠ بۆ ٧٠ هەزار دینار دەفرۆشرا، ئەمساڵ بەهۆی کەمییەوە سەرەڕای خراپیی گوێزەکان، هەر هەزار گوێزێک نزیکەی ١٥ هەزار نرخەکەی بەرز بووەتەوە”، شەریف کەریم بیارەیی وای وت.