رۆژانی داهاتوو یەکلاکەرەوەیە
ئەم دیمەنانە بوونەتە سەرئێشە بۆ وەزیری جەنگی ئەمریکا
964+
ژووری هەواڵ
ئەم دیمەنانە بوونەتە سەرئێشە بۆ وەزیری جەنگی ئەمەریکا و رۆژانی داهاتوو ئەوە یەکلا دەکەنەوە ئاخۆ وەزیرەکەی دۆستی ترەمپ بە ئاسانی لێی دەردەچێت یاخود بەڵایەکی بەسەر دەهێنن.
رەنگە بیرتان بێت لە مانگی ئۆکتۆبەر 964 بە وردی باسی بڕیارێکی ترەمپی کرد بۆ رێگرتن لەو کەشتیانەی مادەی هۆشبەر لە ڤەنزوێلاوە دەگوازنەوە، بڕیارەکەش ئەوەیە دەست لە هیچ کەشتییەکی گوماناوی مەپارێزن، لە بری دەستگیرکردن بە موشەک لێیان بدەن، ئێستا یەکێک لەم رووداوانە هەرای بە دوای خۆیدا هێناوە.
رۆژی 2ی ئەیلول هێزەکانی ئەمەریکا لەناو ئاوی نێودەوڵەتی ڤەنزوێلا هێرشیان کردە سەر بەلەمێکی گوماناوی، موشەکی یەکەم کەشتییەکەی تێکشکاندو زۆربەی سەرنشینەکانی کوشت، بەڵام دواتر لە ڤیدیۆکانی چاودێرییەوە دەرکەوت دوو رزگاربوو خۆیان بە کەشتییەکەوە هەڵواسیوە، کەچی چەند خولەکێک نابات موشەکێکی دیکە دێت و ئەوانیش دەکوژێت.
ئەم هێرشە لە ئەمەریکا بووەتە هەراو قسەکە لەسەر ئەوەیە ئەو دوو کەسە مەترسیان نەمابوو بۆ لێدران.
لە هەفتەکانی دواتردا، پنتاگۆن روونکردنەوەیەکی جیا جیای پێشکەش کرد، وەزیری جەنگی ئەمەریکا (پیت هێگسیت) سەرەتا نەچووە ژێر بارو وتی هێرشی دووەم هەڵبەستراوە، بەڵام چەند رۆژێک دواتر کۆشکی سپی وتی رووداوکە راستەو لەلایەن ئەدمیراڵ فرانک برادلی، فەرماندەی ئەرکەکەوە مۆڵەتی پێدراوە.
ئەم هەڵوێستە دژ بەیەکە قسەی زۆری هێنایە سەر وەزیری جەنگ و لە هەردوو حیزبی گەورەی ئەمەریکاوە لۆمەی دەکرا، سیناتۆر راند پاوڵ یەکێک بوو لەوانەی وەزیری بەرگری بەوە تۆمەتبارکرد کە یان درۆی لەگەڵ کۆنگرێس کردووە یان ئاگاداری کردەوەیەکی کوشندە نەبووە کە لە ژێر فەرمانی ئەودا ئەنجامدراوە، کارگەیشتووتە ئەوەی هەندێ کەس بڵێن ئەمەی ئەمەریکا دەیکات بەرگری لەخۆکردن نییە، بەڵکو لە سێدارەدانی نایاساییە.
ئێستا لێکۆڵینەوەی ورد لەم دۆسێیە دەکرێت، کۆنگرێس ئامادەکاری بۆ دانیشتن دەکات و داوای بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی تر دەکات. گروپەکانی مافەکانی مرۆڤیش داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ دەکەن، لەولاشەوە ئەنجوومەنی نیشتمانی ڤەنزوێلا لێکۆڵینەوەی خۆی دەستپێکردووە.
ئێستا هەمووان دەپرسن: کێ فەرمانی هێرشی دووەمی دا؟، ئایا ڕزگاربووەکان چەکدار بوون یان دوژمن؟، ئایا ئۆپەراسیۆنەکە یاسای شەڕی چەکداری جێبەجێ کردووە یان هێزی نایاسایی بەکارهێناوە؟. ئەمە ئەو پرسیارانەن کە وەڵامدانەوەیان سەرئێشەکەی وەزیری جەنگ بە ئازارتر دەکات.