شۆفێرێک گیانی لەدەستدا و چوار سەرنیشین بریندار بوون

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە دوو رووداوی هاتوچۆوە لە کەرکوک کەسێک گیانی لە دەستدا و شەشی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28.6.2023، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە رێگای نێوان کەرکوک بۆ حەویجە و بە دیاریکراوی نزیک بەنزینخانەی گوندی تەل وەرد، تۆتۆمبێڵێک وەردەگەڕێت و بەهۆیەوە شوفێرەکە گیانی لەدەستدا، چوار سەرنیشینەکەش بریندار بوون.

دوای کەمتر لە کاتژمێرێک و لە هەمان شوێن، رووداوێکی تری هاتوچۆ روویدا و دوو کەس بریندار بوون.

سامان یابە، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە 964ی وت، ئەو خێزانەی تووشی رووداوی هاتوچۆ هاتوون، خەڵکی حەیجەن بۆ کەرکوک هاتوون لە رێگا ئۆتۆبێلەکەیان وەرگەڕاوە.

بەپێی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ناوی نائیل سەباح عوبەیدیە، گیانی لە دەستداوە و چوار لە سەرنیشینەکان بریندار بوون کە یەکێکیان ژنە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، سەرجەم بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی کەرکوکی گشتی کراون  و تەرمی شۆفێرەکەش رەوانەی پزیشکی داد کراوە.

هەرچی رووداوەکەی ترە، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک دوو هاوڵاتی بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی حەویجە کران.

ئەحمەد ئیبراهیم عگێدی، شایەت حاڵ لە شوێنی رووداوەکە بە 964ی وت لەسەر رێگای نێوان کەرکوک حەویجە و بە دیاریکراوی لە شەقامی بەردەم ناحیەی ریاز، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری توێتا وەرگڕا و بەهۆیەوە دوو سەرنیشین برینداربوون و لەلایەن هاوڵاتیانەوە گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی حەویجە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی