ژمارەیان 68 ژینگەپارێزە

پشدەر.. جلوبەرگی جەژن بە دیاری پێشکەشی ژینگەپارێزان کرا

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

له‌ قەزای پشده‌ر، 68 کارمەندی ژینگەپارێز جلوبەرگی جەژنیان بە دیاری پێشکەشکرا.

کارەکە لەلایەن رێکخراوی چەتری هەمووان ئەنجامدراوە و ئەوان دوو هەڵمەتی جیاوازیان ئەنجامداوە بۆ گەیاندنی هاوکاری بە خەڵکی کەمدەرامەتی ناوچەکە.

ئومێد رەسوڵ، ئەندامی رێکخراوی چەتری هەمووان بە 964ـی وت، جلوبەرگەکان لەلایەن بەرگدرووەکانی شاری قەڵادزێ پێشکەش بەو 68 کرێکارەی ژینگەپارێزی ناوچەکە کراوە.

دەشڵێت: نزیکە 270 کەس تر لە هەڵمەتێکی سەرتاشینی خۆڕایی لە تەمەنی جیاواز سوودمەند بوون.

رێکخراوی چەتری هەمووان، لەساڵی 2018ـەوە دامەزراوە و لەچەند سێکتەرێکی جیاوازدا کاردەکات کە گرنگترینیان کاری مرۆیی، ژینگە دۆستی، پەروەردە و کاری خێرخوازین و هەموو ئەندامەکانیشی خۆبەخشن.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن