لە سلێمانی 45 لیژنە چاودێری بازاڕ دەكەن


رێژوان مامە قادر ـ سلێمانی
بۆ ئەم جەژنە 45 لیژنە لە سلێمانی چاودێری نرخ و کوالێتی خۆراک و کەلوپەل دەکەن لەناو بازاڕ و كوچە و كۆڵانەكانی سلێمانی.

لیژنەكان لەلایەن قایمقامیەتی سلێمانیەوە راسپێردراون و سەرجەم شوێنەكان لە جەژندا بەسەردەكەنەوە.

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە 964ـی وت، لە رۆژانی جەژنی قوربان لیژنەکانیان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و مارکێتەکان و سزای هەر كەسێك دەدەن سەرپێچی لە كوالیتی و نرخدا بكەن.

بەپێی فەرمانێك كە لیژنەكان كاری پێدەكەن هەرشوێنێك رەچاوی تێبینیەكان نەكەن، راستەوخۆ دادەخرێت و سزای قورس دەدرێت.

لەبارەی چێشتخانە و خواردنگەكانی سلێمانیشەوە، ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی بە 964ـی وت، سلێمانی لە پرسی خواردن و خواردنگەكاندا پاكترین شاری عێراقە و لیژنەكانیان سڵ لەكەس ناكەنەوە و بەدوای هەموو شوێنێكدا دەڕۆن.

لیژنەكان سەرجەم شوێنەكان دەگەڕێن بەشێوەی كتوپڕ خۆیان دەكەن بە ماركێت و شوێنەگشتی و خواردنگەكاندا.

پێداچونەوە: فەرمان سادق