گەشتوگوزاری هەولێر: بۆ ئەم جەژنە زۆرترین گەشتیار روو لە تاڤگەکان دەکەن
964+
فەهمی نەبی
دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، سێ لیژنەمان دروست کردووە بۆ رۆژانی جەژن و ئەم جەژنە زۆرترین خەڵک روو لە دەرەوەی شارەکان و تاڤگەکان دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە، سیروان تۆفیق بەڕێوەبەری بەشی بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار، بۆ 964 وتی، “سێ لیژنەمان دروست کردووە، هەریەکە لە لیژنەی پێشوازی، لیژنەی پشکنین و لیژنەی بەدواداچوون، بە وردی بەدواداچوون بۆ چاودێریی نرخی چێشتخانە و هۆتێلەکان دەکەین”.
سیروان تۆفیق لە بارەی ئەو شوێنانەی گەشتیاران بۆی دەچن دەڵێت، لە جەژنی رەمەزان بەشی هەرە زۆری گەشتیاران لەناو شار دەمانەوە، چونکە ناوچە کوێستانییەکان سارد بوون، بەڵام لە کوردستان سەرەتای دەستپێکی وەرزی گەشتیارییە و بەشی هەرە زۆری گەشتیاران دەچنە ئەو شوێنانەی تاڤگەی لێیە”.
بە وتەی سیروان، هۆشداری دراوەتە چیشتخانەکان کە دەبێت رۆژانی جەژن کراوەبن و لیژنەیەک بەدواداچوون بۆ نرخی هۆتێلەکان دەکەن، هەر ئۆتێلێك نرخی بەرزبکاتەوە سزا دەدرێت.
بەڕێوەبەری بەشی بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، پێشبینی دەکەین ئەم جەژنە رێژەیەکی زیاتر گەشتیار بێنە هەرێمی کوردستان،
ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار دەریدەخەن، لە شاری هەولێر 271 هۆتێلی یەک تا پێنج ئەستێرەیی و 351 چێشتخانە لە پێشوازی میوانەکان دەبن.
سەرەتای مانگی ئایار دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە 964ی رایگەیاندبوو، تەنیا لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ، دوو ملیۆن گەشتیار روویان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
لەمەوبەر دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاندبوو، پلانیان هەیە تا ساڵی 2030 رێژەی گەشتیار لە هەرێمی کوردستان بگەیەننە 20 ملیۆن گەشتیار.