لە یاریی موای تای

پاڵاوتن بۆ یاریزانانی سلێمانی ئەنجام دەدرێت

+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی

لە شاری سلێمانی پاڵاوتن بۆ دیاریکردنی یاریزانانی بەشدار لە خول و پاڵەوانیەتییەکانی عێراق بۆ یاریی موای تای بەڕێوە دەچێت.
لە هۆڵی یانەی ئاشتی و بە سەرپەرشتی لقی سلێمانیی فیدراسیۆنی موای تایی عێراق، پاڵاوتن بۆ 120 یاریزان ئەو یارییە ئەنجام دەدرێت.
سیروان مینە سەرپەرشتیاری یاریی موای تای لە هەرێمی کوردستان تایبەت بە تۆڕی 964 ـی راگەیاند، ساڵانە پێش بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتییەکانی عێراق، پێویستە ئەم پاڵاوتنە بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی یاریزانەکان ئەنجام بدرێت.
وتیشی، ئەم پاڵاوتنە گشت یاریزانانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەشداریی تێدا دەکەن و براوەکان لە هەر کێشێکدا دیاریی دەکرێن، کە نوێنەرایەتی پارێزگاکەی خۆی دەکات لە خول و پاڵەوانیەتییەکانی سەر ئاستی عێراق.
هەرچەندە بڕیار بوو قۆناغی پاڵاوتنی ئەم چالاکییە سبەی یەکشەممە دەستیپێبکردایە، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار بۆ دوای جەژنی قوربانی پیرۆز دواخرا.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا