نموونەی رێڕەوی نابینا - وێنە: socialmedia
بوودجەی بۆ تەرخانکراوە
رێڕەوەکەی نابینایان لە هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
پێشەوا محەمەد
ئەو رێڕەوەی بڕیار بوو لە چەند شەقامێکی هەولێر جێبەجێبکرێت بوودجەی بۆ تەرخانکرا و شارەوانی هەولێر دەڵێت، مانگی داهاتوو دەچێتە بوواری جێبەجێکردنەوە.
رێڕەوەکە لەسەر شۆستەی شەقامەکانی هەولێر دروستدەکرێت و 246 ملیۆن و 620 هەزار دیناری لەسەر داهاتی شارەوانی هەولێر بۆ تەرخانکراوە.
رێڕەوەکە بریتییە لە رێگەیەکی باریکی رەنگ زەرد و زبر و کەسی نابینا بە ئاسانی دەتوانێت بەسەریدا بڕوات و رێگە هەڵە نەکات.
“سەرەتا لە شەقامەکانی سیروان تا بازاڕی چۆلی، بەردەم بینای پارێزگای هەولێر و بازاڕی قەیسەری دروستدەکرێت و دواتر سەرجەم شەقامە گشتییەکانی وەک بەردەم پارک و مۆڵەکان رێڕەوەکەی بۆ دەکرێت”، ئەوە وتەی سامان کەریم، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی هەولێرە بۆ 964.
دەشڵێت، مانگی داهاتوو پڕۆژەکە دوای تەندەرین دەچێتە بوواری جێبەجێکردنەوە.
شارەوانی هەولێر لە پلانیدایە لە داهاتوودا رێڕەوی پاسکیلیش لەسەر شەقامەکان دیاری بکات.