بۆ یەکەمجارە ئامێرێکی مۆسیقا لە گۆرانییەکی کوردی بەکاردێت

964+

فەهمی نەبی

گروپێکی مۆسیقای کوردی بەناوی نانۆبیت، بۆ یەکەمجارە ئامێری Theremin لە گۆرانیەکی کوردی بەکاردەهێنن، ئەوان دوو ساڵە خەریکی کارکردنن لەسەر ئەو ئامێرە.

گروپی نانۆبیت لە ساڵی 2009 لە ئەڵمانیا دامەزراوە و چوار ژەنیارن، خۆیان دەڵێن “ئامانجمان ئەوەیە گۆرانی و مۆسیقای کوردی بەستانداردێکی جیهانی بناسێنین”، هاوکات ئەوەش دەڵێن، ئەگەر مۆسیقا و گۆرانی کوردی نەخرێتە سەر شێوازی رۆژئاوایی لە دەرەوە گوێی لێ ناگیرێت.

هێمن دەریا، سەرپەرشتیاری گروپی نانۆبیت و هونەرمەندی مۆسیقاژەن بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ کەسێک ژەنیاری ئەو ئامێرە نییە، هێندە نەبێت کچێکی ئێرانی هەوڵی هەبووە، هاوکات بۆ یەکەمجارە ئەو ئامێرە لە گۆرانیەکی کوردی بەکاردێت.

ئامێری Theremin لەساڵی 1920 لەلایەن زانایەکی فیزیایی روسی بەناوی لیۆن دروستکراوە، دواتر پەرەی پێدراوە، بیرۆکەی ئامێرەکە بەو جۆرەیە، ئەو کەسەی ژەنیاری ئامێرەکەیە دەست لە ئامێرەکە نادات تەنیا بەو شەپۆلە موگناتیسیەی لە جەستە هەیە، دەتوانێت کاریگەری لەسەر دروستکردنی دەنگ بکات.

هێمن دەریا لەبارەی بەکارهێنانی ئامێرەکە دەڵێت، ئەو کەسەی ئامێرەکە دەژەنێت، بەدەستی چەپی کۆنتڕۆڵی دەنگی ئامێرەکە دەکات، بەدەستی راستیش کۆنتڕۆڵی تۆنەکان دەکات، بەو ئامێرە دەتوانرێت پێنج ئۆکتاف مۆسیقای پێ بژەنیت، هونەرمەند هێدی جەبار ماوەی دوو ساڵە خەریکی کارکردنە لەسەر ئەو ئامێرە.

ئەو گۆرانیەی گروپی نانۆبیت هەڵیانبژاردووە بۆ کارکردن لەسەری، گۆرانیەکی هونەرمەند (ئارام تیگران)ە، بەناوی زمانێ کوردی، هونەرمەند هێدی جەبار گۆرانیەکە دەڵێتەوە و کاری میکس و ماستەری گۆرانیەکە لەلایەن هونەرمەند هێمن دەریا ئەنجامدراوە.

هێمن دەریا دەڵێت، کاری مۆسیقا و ژەنینی ئامێرەکەش هونەرمەند هێدی جەبار خۆی ئەنجامیدەدات و لە ستۆدیۆی نانۆبیت تۆمارکراوە، کاری کلیپ لەلایەن بڕیار بەختیار بۆ گۆرانی زمانێ کوردی کراوە و بەمنزیکانە بڵاودەکرێتەوە.