تەندروستی سلێمانی؛ ئەو ژن و مێردەی بەھۆی تەقینی غازەوە سووتان دۆخی تەندروستییان جێگیرە
+964
دیلان محەمەد جەزا
لە گەڕەکی تاسڵوجەی سلێمانی، بوتڵێکی غاز لە ماڵێکدا دەتەقی و بەهۆیەوە ژن و مێردێک دەسووتێن، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی دەڵێ؛ رێژەی سووتانەکەیان کەمەو دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە شەشی کانونی یەکەم، بەهۆی تەقینی بتڵێکی غاز لە ماڵێکدا لە گەڕەکی تاسڵوجەی سلێمانی، دوو کەس بریندار بوون.
رایئد ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بۆ +964 هۆکاری رووداوەکەی روونکردەوەو دەڵێ؛ بتڵی غازەکە لێی چووەو دواتر تەقیوەو دوو کەسی لەو ماڵە بریندار کردووە، زیاتر وتی “بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون، مەترسی غازیش لەسەر ماڵەکە نەماوە”.
ئەو رووداوە لە کاتێکدایە، لە ١٨ـی مانگی رابردوو بەهۆی تەقینی تانکیەکی غاز لەسەربانی ماڵێک لە سلێمانی ١٣ کەس گیانیان لەدەستداو، ١٥ بریندار بوون، هاوکات دوای چەند رۆژێک لە دهۆک تانکی غازی سەر باڵەخانەیەکی بەشە ناوخۆیی کوڕان تەقی، بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستداو، ٣٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.
سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە +964 راگەیاند، ئەو ژن و پیاوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەو پیاوەکە ١٢٪ و ئافرەتەکەش ٤٦٪ـی جەستەی سووتاوە، وتی “لە ئێستادا لەژێر چاودێریدان و دۆخی تەندروستیان جێگیرە”.
هەر دوای ئەو دوو رووداوە، لە ناحیەی سێمێل لە دهۆک، بەهۆی تەقینی غازەوە، ژن و مێردێک سووتان و گیانیان لەدەستدا.