ژنێکی ئەڵمانی بەهۆی کۆیلەکردنی کچێکی ئێزدی 9 ساڵ زیندانی دەکرێت

964+

فەهمی نەبی

دادگایەکی ئەڵمانیا، سزای نۆ ساڵ و سێ مانگ زیندانی بۆ ژنێکی بەڕەگەز ئەڵمانی سەر بە رێکخراوی داعش دەرکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی DPA بڵاویکردوەتەوە، دادگای دەوڵەتی لە شاری کۆبڵێنزی رۆژئاوای ئەو وڵاتە، سزای زیندانی بەسەر ژنێکی تەمەن 37 ساڵی ئەڵمانی سەپاندووە، کە بەشداربووە لە تاوانی مرۆڤایەتی.

ئەو ژنەی سزاکەی بۆ دەرچووە ناوی (نادین.ک)ە، بە گوێرەی هەواڵەکە ئەو ژنە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ماڵەکەی کچێکی ئێزدی وەک کۆیلە راگرتووە و هاوسەری ژنەکە دەستدرێژی سێکسی کردووەتەسەر لە کاتێکدا ئەو دەستدرێژییە بە بەرچاوی ئەوەوە ئەنجامدراوە و هەڵوێستی نەبووە.

بە پێی بڕیاری دادگای دەوڵەتی ئەڵمانیا، ئەو ژنە لەگەڵ هاوسەرەکەی (ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە) لە ساڵی 2014 چوونەتە ناو رێکخراوی داعش، لە ساڵی 2015 لە شاری موسڵ بوونە و ئەو کچە ئێزدییان وەرگرتووە، تا لە ئاداری 2022 لە کەمپێکی رۆژهەڵاتی باکووری سوریا گواستراوەتەوە بۆ ئەڵمانیا.