وتارى ئه‌م هه‌ینییه‌ى‌ سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بنه‌ تاى خوێنبه‌ربوون

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ ئه‌م هه‌ینییه‌ له‌ ته‌واوى مزگه‌وته‌كانى سنوورى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ وتاره‌كان تاییه‌ت بكرێن به‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ى خه‌ڵك له‌ نه‌خۆشى تاى خوێنبه‌ربوون و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ سیمنارێک بۆ مامۆستایانى ئایینى ئه‌و پارێزگایه‌ رێكخرا.

د. دڵنیا فاروق ئیبراهیم، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە كه‌ قسه‌كه‌رێكی سیمیناره‌كه‌ بوو به‌ 964ـى راگه‌یاند، ئەمڕۆ 21.6.2023 بە سەرپەرشتی رێکخراوی ڤێتێرنەری لەپێناو ژیان و بەڕێوه‌بەرایەتی ئەوقافی هەڵەبجە، ئه‌م سمیناره‌یان بۆ مامۆستایانى ئایینى رێكخستبوو.

وتیشی “سەبارەت بە چۆنیەتی قوربانی کردن لە رۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز و خۆپارێزی لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، قسه‌مان له‌گه‌ڵ مامۆستایان كرد”.

مامۆستایانى ئایینى راسپێردران له‌م هه‌ینییه‌ وتاره‌كانیان تایبه‌ت بكه‌ن به‌هۆشیاركردنه‌وه‌ى خه‌ڵك له‌م نه‌خۆشییه‌ و وتیشی “ئه‌م هه‌ینییه‌ له‌ ته‌واوى مزگه‌وته‌كانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیاردراوه‌ وتارى هه‌ینى تایبه‌ت بكرێت به‌م بابه‌ته‌”.