نابێت کار لە زەوییەکانیاندا بکەن

جوتیارێکی تری سەرگەڕان دەستگیر کرا

964+

توانا نەقی

درەنگانی شەوی رابردوو لەلایەن هێزە سەربازییەکانی عێراقەوە جوتیارێک بەهۆی کاردکرنەوە لە سنوری ناحیەی سەرگەڕانی پارێزگای کەرکوک دەستگیرکراو دوای چەند کاتژمێرێك ئازاد کراوە.

جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان و گوندەکانی دەورووبەری ئاگادار کراونەتەوە لەلایەن سوپای عێراقەوە کە نابێت لە زەوییەکانیان کاربکەن.

محەمەد سەرگەڕانی، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان بە 964ـی وت، ئەو جوتیارە کاری کردووە لەسەر زەوییەکانی کەچی لەلایەن ئەو هێزەوە دەستگیر کراوە و دواتر ویستوویانە بیدەنە دەست پۆلیس بەڵام ئازادیان کردووە.

وتیشی، هەڕەشیان لەسەرە و بڕیارەکە وایە کە هیچ جوتیارێک دوای دروێنە نابێت کار لە زەوییەکانیان بکەن، ئەگینا ئازاریان دەدەن و دەیانگرن، ئەو جوتیارەشی ئێستا کار دەکات بە ناچاری دەیکات و دەزانێت ئازاری دەدەن.

بە پێی قسەی نوێنەرەکەی جوتیاران بێت، ئەو هێزانە دەچنە سەر زەوییەکان و جوتیارەکە ئەگەر کار بکات دەیگرن، پاشان مەڕەشەکانیان دەشکێنن و کێبڵ دەبڕن زیانیان لێدەدەن.

“لە ئێستادا وەرزی گەنمە شامییە، جوتیارانی کوردی ئەو ناوچانە ناتوانن زەوییەکانیان بە گەنمە شامی دابچێنن، چونکە ئەو هێزانە رووبەڕوویان دەبنەوە و ئازاریان دەدەن ئەوەندەش داوامان کرد کە ئەو کێشانەی کە چەندین ساڵە هەمانە چارەسەری بکەن نەتوانراوە بکرێت و بەردەوام ژیان و ماڵ و زەوی و زارمان لە بەردەم مەترسیدایە” محەمەد سەرگەڕانی وای وت.

هەر لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە گوندی شەناغەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە رۆژئاوای کەرکوک سوپای عیراق 12 جوتیاری کوردی دەستگیرکرد.