فەرمانبەرە گرێبەستەكانی دهۆك موچەی پێنج مانگ بەسەریەکەوە وەردەگرن

964+

زەید كۆچەر – دهۆك

دوای پینج مانگ لە وەرنەگرتنی موچەکانیان، کارمەندانی گریبەستی تەندروستی دهۆک پێنج موچە بەسەریەکەوە وەردەگرن.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە 322 كارمەندی گرێبەستی سەر بە وەزارەتی تەندروستی دهۆك موچەکانیان وەرنەگرتووە، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 20.6.2023، موچەی مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئادار بەسەریەکەوە وەربگرن و رۆژی پێنجشەممەش موچەی مانگی نیسان و ئایار وەردەگرن.

ئەفراسیاب موسا، بەرێوبەری گشتی تەندروستی دهۆك بە 964ـی وت، رەزامەندی دراوە لەسەر خەرجكردنی پارەكە و سێ موچە پێكەوە وەردەگرن.

موچەی كارمەندانی گرێبەستی دهۆك لە 275 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات و بەرزترین موچەش 500 هەزار دینارە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق