فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان سیمینارێکی دەربارەی شێوازی ئامادەکردنی راپۆرتی دارایی رێکخستووە. فۆتۆ: فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان
وادەی وەرگرتنی راپۆرتی دارایی رێکخراوە ناحکومییەکان درێژکرایەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان وادەی وەرگرتنی راپۆرتی دارایی رێکخراوەکانی بۆ ماوەی چوار رۆژ درێژکردەوە.
لە ئاگادارییەکدا کە رۆژی دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان دەڵێت، بەهۆی پشووی جەژنی قوربانەوە دوا وادە بۆ وەرگرتنی راپۆرتی دارایی رێکخراوەکان بۆ رۆژی دووشەممە رێکەوتی 3.7.2023 درێژکرایەوە.
بە پێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2011ی پەرلەمانی کوردستان، هەر رێکخراوێک لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا بێت، پێویستە ساڵانە راپۆرتی دارایی پێشکەش بکات و لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە وردبینی بۆ بکرێت.
لەناو راپۆرتەکەدا روونکردنەوە دەدرێت سەبارەت بەو کار و چالاکییانەی کە رێکخراوەکە بە خۆبەخشانە ئەنجامیداوە، یاخود هۆکارەکان و ئاستەنگەکانی نەبوونی کار و چالاکی دەخرێتە روو.
هەموو ئەو رێکخراوانەی کە داهاتی ساڵانەیان 75 ملیۆن دینارە، دەبێت راپۆراتی داراییان لەلایەن ژمێریاری یاسایی پەسەند بکرێت بەر لە پێشکەشکردنی بۆ فەرمانگە.