تا مانگێکی دیکە چەکەکت تۆمار نەکەیت سزاکەی قورس دەبێت

964+

توانا نەقی

وادەی کۆتایی بۆ تۆمارکردنی ئەو چەکانەی لای هاوڵاتییە تا 21.7.2023 دەبێت، لە دوای ئەو بەروارەوە سزاکان قورستر دەبن.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی دوای ئەو رێکەوتەی دایانناوە، چەکەکەی تۆمار نەکات، بە گوێرەی بڕگەی یەکەم لە مادەی 15 لە یاسای چەک سزادەدرێت.

مادەکە بە شێوازێکە، هەرکەسێک بەبێ مۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان چەکی ئاگرین هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکی بکاتەوە یان دەستاودەستی پێوەبکات، ئەوا سزاکەی بەندکردنە بۆ ماوەیەک، کە لە یەک ساڵ کەمتر نییە و لە سێ ساڵ زیاتر نییە.

هەروەها سزاکە پێبژاردنیشی تێدایە، بە جۆرێک دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.